زانکۆی نۆڵج گفتوگۆ لەسەر چالاکییەکانی پەرەپێدانی کار و پێشانگەی هەلی کاری داهاتوو دەکات
سەرۆکانی لیژنەکانی سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی نۆڵج، لەگەڵ بەڕێز دەشتی حاجی نەجمەدین، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆ، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین کار و چالاکییەکانی سەنتەر، هەروەها پلان و هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم سەنتەرە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئامادەکارییەکانی چوارەمین پێشانگەی هەلی کار لە زانکۆی نۆڵج تاوتوێ کران، کە بڕیارە بە نزیکترین کات لە نێو کەمپەسی زانکۆ بەڕێوەبچێت. ئامانجی پێشانگەکە پەیوەندیکردنی فێرخوازان و دەرچووان بە کۆمپانیا و دامەزراوەکان و دابینکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ ناسین و بەدەستهێنانی هەلی کار و پەرەپێدانی پیشەییە.
هەروەها، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکانی خولی کرداریی یاسایی باسکرا، کە لەلایەن سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) بە هاوکاریی کۆلێژی یاسا لە زانکۆی نۆڵج بەڕێوەدەچێت. ئەم خولە ئامانجی ئەوەیە بەشداربووان بە زانیاری و توانای کرداری لە بواری یاسا ئاشنا بکات و ئامادەیی پیشەیییان بەرز بکاتەوە.
کۆبوونەوەکە جەختی لە بەردەوامبوونی هەوڵەکانی زانکۆ بۆ پشتگیریکردنی فێرخوازان و دەرچووان، لە ڕێگەی پەرەپێدانی تواناکانی کار، ڕاهێنانی کرداری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بازاڕی کار، کردەوە.